شاعیر: ئاوات
کتێب: شاری دڵ
سەرناو: چوارینەکانی ٧ تا ١٠ (ئایینی / عیرفانی)
لەبارەی شیعر: (بەشێک لە لاپەڕە ٢١٠ تا ٢١٧ ی چاپی ئەنیسی و ٣٤٥ تا ٣٥١ ی چاپی جەعفەر)

٧

ئێوه که لە خەودان و هەڵستانوو نییە
دایم به گوناح دەڕۆن و وەستانوو نییە
مەعشووقەیی ئێوه هەر گژ و گیا و دڕکە
بێ‌هیممەتن و فکری گوڵستانوو نییە [١] 

٨

گەر ژیری، ئەگەر شێتی، نەمانت لەبەرە
زانا بی وەیا نەزان، هەموو دەردی‌سەرە [٢] 
هەرچەنده بژی به خۆشی یا ناخۆشی
تێشوو بەره، زۆر حەستەمه، دوامین سەفەرە

٩

شەو هەسته که عاشقان به شەو ڕادەپەڕن
چڵکی دەم‌وچاو به ئاوی دەسنوێژ دەسڕن
ئەو تاقمه وا به شەو دەکەن ڕاز و نیاز
مەعلوومه ئەوانه ڕەستگار بوون و کوڕن

١٠

ماوێکی لەمێژ ژیام، تەمەن دوایی هات [٣] 
کاتی سەفەرم هاتووه، دەڕوا ئاوات
جوان بووم و جحێڵ و ئێسته پیر و زورهان
بەو حاڵەشەوه دەڕۆم و نیمه سەوقات

١. چاپی ئەنیسی هەر سێ لەتکە شیعرەکەی وەک هەڵستانو، وەستانو، گوڵستانو نووسیوە. دەبێ وریا بین درێژ کردنەوەی واوەکە زیان بە کێشی شیعرەکە نەگەیێنێت، 
٢. چاپی ئەنیسی: هەمو
٣. چاپی ئەنیسی: ژییام